کۆڕێک بۆ دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما دەربارەی سیاسەتی شوناس | The American University of Iraq Sulaimani

کۆڕێک بۆ دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما دەربارەی سیاسەتی شوناس

Thursday, August 30, 2018 - 18:45

زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، رۆژی پێنجشەممە ٣٠ ی ئابی ٢٠١٨ ، کۆڕێکی بۆ دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما ساز کرد ، لەژێر ناونیشانی "گفتوگۆیەک لەگەڵ دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما : سیاسەتی شوناس لەئێستادا ، لەگڵۆباڵیزمەوە بەرەو لۆکاڵیزم" .

دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما – نوسەری کتێبی "کۆتایی مێژو" کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوکرایەوەو چەندوچونێکی فیکریی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێ کەوتەوە ، لەمیانەی کۆڕەکەدا گفتوگۆیەکی دەربارەی سیاسەتی شوناس  پێشکەش کرد ، بەبەشداریی هەر یەکە لە : دکتۆر بەرهەم ساڵح – سیاسەتمەداری ناسراوی عێراقی و ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، عەبدولوەهاب ئەلکیبسی لەسەنتەری پڕۆژە نێودەوڵەتییە تایبەتیەکان (CIPE) ، هەروەها ئیریک . ج . جنسن لەسەنتەری ستانفۆرد بۆ دیموکراتی و پەرەپێدان و سەروەریی یاسا .

فۆکۆیاماو ئەلکیبسی و جنسن لەسلێمانی بون ، بەمەبەستی پێشکەشکردنی خولێکی راهێنان بەهەندێک کەسی عێراقی "لەبەرپرسی حکومی و پێشەنگی بواری بیزنس و چالاکیی مەدەنی" ، دەربارەی رۆڵی سیاسەتی گشتی لەپێشخستنی کەرتی تایبەتدا  "بۆ ماوەی یەک هەفتە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی" .

گفتوگۆکە ، بەنمونەهێنانەوە دەربارەی هەڵکشانی خولیای نەتەوەگەری و سیاسەتی شوناس لەسەرلەبەری دنیادا ، بەتایبەتی لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی رۆژئاواییدا ، دەستی پێکرد.

لەکۆمێنتێکدا دەربارەی کتێبەکەی ئەم دواییانەی "کە دەربارەی شوناسە" فۆکۆیاما وتی : "پێموایە پەیوەستە بەو رێگایانەوە کە سیاسەتی جیهانی لەئێستادا دەستەودامەنیان بوە" . هەروەها وتی : "وڵاتە یەکگرتوەکان و وڵاتانی رۆژئاوا ، وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لێ هاتوەو لەو دەچن" .

بەشداربوەکانی تری کۆڕەکەش تاووتوێی ئەو رێگایانەیان کرد کە سیاسەتی شوناس لەڕۆژئاوا ، بەهەمان شێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، دەستەودامەنیان بوە . یەکێک لەو بەشداربوانە دکتۆر بەرهەم ساڵح بو کە بەشبەحاڵی خۆی باسی گفتوگۆیەکی کرد کە کاتی خۆی لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گوزەراوەو تایبەت بوە بەو رێگەچارانەی کە خەڵکی عێراق پێویستیانە لەپێناوی تێپەڕاندنی ساسەتی شوناس و پێشخستنی وڵاتەکەیاندا .

شایانی باسە لەکۆتایی گفتوگۆکەدا ئامادەبوانی کۆڕەکە چەندین پرسیاریان ئاراستەی فۆکۆیاماو بەشداربوەکانی هاوڕێی کرد .

زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە ، لەسەر وێبسایتی پەیمانگەی توێژینەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان (IRIS) خراوەتە بەردەست.