لەگوتارەکەی ئەم دواییانەیدا لەقاهیرە وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکان بایەخی زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانیی بەرز نرخاند | The American University of Iraq Sulaimani

لەگوتارەکەی ئەم دواییانەیدا لەقاهیرە وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکان بایەخی زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانیی بەرز نرخاند

Monday, January 14, 2019 - 09:45

 

لەگوتارێکدا کە رۆژی ١٠ ی کانونی دوەمی ٢٠١٩ لەقاهیرە پێشکەشی کرد، وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مایکڵ پۆمپیۆ، ئاماژەی دا بەگرنگی و بایەخی زانکۆ ئەمریکیەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانییشەوە، وەکو نمونەیەک دەربارەی مێژوی دورو درێژی وڵاتە یەکگرتوەکان لەبواری دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لەوڵاتانی ناوچەکە.

لەقسەکانیدا دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە لەزانکۆی ئەمریکیی قاهیرە پێشکەشی ئامادەبوانی کرد، پۆمپیۆ وتی: "بەڕێکەوت نیییە کە چەندین دانەیتر لەزانکۆ ئەمریکیەکان، وەکو ئەم زانکۆیە، سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە لەسەرلەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەیروتەوە بیگرە بۆ سلێمانی".

هەروەها وتی: "ئەمە سیمبولی چاکەکارانەی خۆڕسکی وڵاتە یەکگرتوەکانە، هیوای ئێمەیە بۆ تۆ، ئەو داهاتوە باشترەیە کە بۆ سەرلەبەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەخوازین".

شایانی باسە: حکومەتی ئەمریکا، کۆمەکێکی سەخاوەتمەندانەی باشی پێشکەشی زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی (هەر لەڕۆژی دامەزراندنیەوە لەساڵی ٢٠٠٧ دا تاکو ئێستا) کردوە، ئەمەش لەڕێی بەخشینی مینحە جیاجیاکانی خوێندن بەفێرخوازان و پرۆگرامی Access ەوە، هەروەها لەڕێی تەرخانکردنی کۆمەکێکی ٥ ملیۆن دۆلارییەوە لەساڵی ٢٠١٧ دا بۆ دەستگیرۆییکردنی فێرخوازان. ئەم کۆمەکە، فرسەتی خوێندنی لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی، بۆ گەنجان و لاوان لەسەرلەبەری ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، دەستەبەر کردوە. فرەفەرهەنگی و ئیتنیکی و ئاییینیەکەی زانکۆ، لەسەرلەبەری کۆمەڵگە عێراقیەکانەوە (بەکۆمەڵگەی عەرەبی و کوردی و تورکمانییەوە)، فێرخوازی (لەموسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی) کەمەندکێش کردوە بۆ خوێندن و ژیانکردن لەگەڵ یەکتر.

لەم چوارچێوەیەدا، خاتو کرستین ڤان دن تورن – بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیوەندیە دەرەکیەکان و سیاسەت لەزانکۆ، هەروەها بەرپرسی پەیوەندیەکانی نێوان زانکۆو حکومەتی ئەمریکا، رایگەیاند: "زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی، سوپاسگوزاری حکومەتی ئەمریکایە بۆ ئەو کۆمەکەی بەزانکۆکەی دەکات، کە فرسەتی خوێندن لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی، بۆ فێرخوازانی عێراقیی (زەرەرەومەند لەململانێکانی ناو وڵاتەکە)، لەئاوارەو کەمینەو خانمانی گەنج، دەستەبەر دەکات".

هەروەها وتی: "لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی، ئەو فێرخوازانە، پردی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تری ناو کۆمەڵگە عێراقیەکان دەسازێنن، دەبنە کەسی بیرکەرەوەی رەخنەگرو فێری ئەو بەهرەمەندییە پیشەییانە دەبن کە پێویستن بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان". وتیشی: "زۆرینەی دەرچوانمان لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن، لەلای کۆمپانایا نێودەوڵەتییە پێشڕەوەکان لەوڵاتە یەکگرتوەکان، هەروەها لەلای ئەو رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتیانەی کە خەریکی بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکانن".