زانکۆی ئەمریکی لەعیراق ، سلێمانی لەڕیزبەندیی زانکۆکانی هەرێمدا بەرزترین پلە بەدەست دەهێنێتەوە | The American University of Iraq Sulaimani

زانکۆی ئەمریکی لەعیراق ، سلێمانی لەڕیزبەندیی زانکۆکانی هەرێمدا بەرزترین پلە بەدەست دەهێنێتەوە

Thursday, January 9, 2020 - 17:15
 

 

زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ، سلێمانی دەستکەوتێکی ئەکادیمیی نوێی خستە سەر لیستی دەستکەوتە زانستی و ئەکادیمیەکانی ، بەوەی کە لەڕیزبەندیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا جارێکی تریش پلەی یەکەمی بەدەست هێنایەوە ، بەگوێرەی ئەوەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دکتۆر ئارام محەممەد قادر رۆژی ٩ ی کانونی دوەمی ٢٠٢٠ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند .

شایانی باسە لەساڵی ٢٠١١ ەوە کە دەست کراوە بەڕیزبەندکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ، زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ، سلێمانی بەردەوام ساڵانە بەرزترین پلەی لەناو زانکۆکانی هەرێمدا بەدەست هێناوە .

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەپێی کۆمەڵێک پێوەری ئەکادیمی ، لەوانە : دەستڕاگەییشتنی دەرچوان بەهەلی کار ، توانای ئەکادیمی و زانستیی ئەندامانی دەستەی وانەبێژی ، تێڕوانینی فێرخوازان ، کتێبخانە ، توێژینەوەی زانستی ، شەراکەتی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی ، هەروەها کوالیتیی خوێندن ، زانکۆ حکومی و تایبەتیەکان پۆلێن دەکات ، لەسەر ئەو بنەمایە هەر زانکۆیەک لەزانکۆکانی هەرێم دەخرێتە یەکێک لەڕیزبەندیەکانەوە . 

لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆ دکتۆر بروس واڵکر فیرگسون ، رایگەیاند : "زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ، سلێمانی شانازی بەوەوە دەکات کە وەکو دامەزراوەیەکی پێشڕەو بۆ خوێندنی باڵا لەناوچەکەدا ، دیسانەوە ددانی پێدا نرایەوە" . هەروەها وتی : "زانکۆکەمان دەیەیەک زیاترە لەپێناوی دەستەبەرکردنی باشترین خوێندندا بۆ سەکردەگەلی داهاتوی عێراق و هەرێمی کوردستان دامەزراوە ، تا ئێستاش پابەندین بەمەوە" .

زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ، سلێمانی یەکەم زانکۆی ناحکومیی قازانجنەویستە لەسەر شێوازی ئەمریکی لەعێراقدا . ساڵی ٢٠٠٧ ، لەخزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا دامەزراوە . هەروەها یەکەم زانکۆی ناحکومییە لەهەرێمی کوردستانی عێراق کە بەفەرمی لەلایەن هەریەکە لەحکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە متمانەی دراوەتێ . یەکەم ئەندامی کۆمەڵەی کۆلیژو زانکۆ ئەمریکییە نێودەوڵەتیەکانیشە لەسەر ئاستی عێراق .

 
Tags: