بنیاتنانەوەی دەروازەی سەرەکیی قەڵای ئاشور بەبەشداریی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی | The American University of Iraq Sulaimani

بنیاتنانەوەی دەروازەی سەرەکیی قەڵای ئاشور بەبەشداریی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی

Wednesday, September 9, 2020 - 09:45

 

قەڵای ئاشور یەکێکە لەشوێنەوارە مێژوییە گرنگەکانی عێراق ، شوراکەی چەندین دەروازەی تێدایە ، دەروازە سەرەکیەکەیان ناوی (کورکوری) یان (تابیرا) یە.

دەروازەی تابیرا ، لەسەر دەستی داعش زیانی قورسی پێگەیشت ، مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥ هەوڵی دا سەرلەبەر بیتەقێنێتەوە ، لەئەنجامدا ٧٠٪ ی وێران بو ، ساڵانی دواتریش باران زەفەری پێ بردو ئەوەندەیتر دایڕوخاند.   

لەئاست ئەم کارەساتەدا ، دامەزراوەی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی شوێنەوار لەناوچەکانی شەڕو ململانێ / ALIPH) ، هەروەها (سەنتەری شوێنەوارو کەلتور / CACHE) ی سەر بەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، دەستپێشخەرییەکی نوێی هاوبەش بۆ بەرگرتن بەهەرەسهێنانی دەروازەی تابیرا رادەگەیەنن.

(هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی شوێنەوار لەناوچەکانی شەڕو ململانێ / ALIPH) ، یەکێکە لەدامەزراوە دیارەکانی جیهان بۆ پاراستنی کەلتورو شوێنەواری مێژویی لەکاتی شەڕوشۆڕدا ، (سەنتەری شوێنەوارو کەلتور / CACHE) ی سەر بەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانییش سەنتەرێکی توێژینەوەیە ، بارەگاکەی لەعێراقە ، تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی کەلتورو چەسپاندنی ئاشتی لەنێوان کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی عێراقدا. 

بەپشتیوانیی (ALIPH) ، تیمی (CACHE) ، لەگەڵ لقی عێراقی دامەزراوەی (Bashtabia) "کە دامەزراوەیەکی ناحکومییە بۆ کەلتورو بارەگاکەی لەهۆڵەندایە" ، بەشێوەی مەیدانی کار لەپڕۆژەکەدا دەکات. تیمەکە بەکردەوە دەستی بەکارە بەراییەکان کردوە بۆ جێگیرکردنەوەی دەروازەی تابیرا وەک قۆناغی یەکەمی پرۆسەی وەگەڕخستنەوەی تەواوەتیی شوێنەوارەکە پاش کاولکاریەکانی داعش. 

 ئامانج لەم پڕۆژەیە بریتییە لەدەستەبەرکردنی هەلیکار بۆ خەڵکی شاری شەرگات کە پاش شەڕی داعش گرفتاری دەستی بێکاری و هەژارین. سەرپەرشتیکردنی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆژەکەیش ، دەخرێتە ئەستۆی ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ شوێنەوارو کەلتور کە سەر بەوەزارەتی رۆشنبیریی عێراقە.

شایانی باسە پێویستە سەرجەم ئەندامانی تیمی بنیاتنانەوەی دەروازەکە پابەندبن بەڕێوشوێنە دیاریکراوەکانی تایبەت بەکۆڤید ١٩ ، وەکو دەستکێشلەدەستکردن و دەمامککردن و دورەپەرێزیکردن لەیەکتری بەپێی توانا ، هەروەها فەحسی رۆژانەی پلەی گەرمیی لەش.

 

Tags: