زانکۆی ئەمەریکی لەعێراق - سلێمانی ساڵی ٢٠٠٧ بەمەبەستی نوێکردنەوەو تازەگەری لەخوێندنی باڵای ناوچەکەدا دامەزراوە .
لەساڵی ٢٠٠٦ ئەنجومەنی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی لەعێراق - سلێمانی ، دەستی کرد بەدروستکردنی دامەزراوەیەکی قازانج نەویست بۆ دەستەبەرکردنی خوێندنێکی لیبراڵ کە سود بەکوردستان وعێراق و ناوچەکە بگەیەنێت.
ئەم زانکۆ تازەیە بەشێوەیەک نەخشەسازی کراوە کە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە ، توانای گفتوگۆکردن ، هەڵسوکەوتی پیشەیی ، مافی هاونیشتیمانیبون و ئاکاری کۆمەڵایەتی بەرەوپێش ببات.
دامەزراوەکە نەک تەنها داهێنانی لەبواری فێرکردندا کردوە ، بەڵکو رۆڵێکی ناوازەی لەو بوارەدا بینیوە ، دور لەهەمو دابەشبونێکی رێبازخوازی و سیاسی ئامێزی گرتۆتەوە بۆ فێرخوازانی بەهرەمەند جا خەڵکی هەر شوێنێکبن ، بەبێ گوێدانە جیاوازیی نەژادی و سیاسی و ئابوری .
سەرجەم فێرخوازانی زانکۆ بەبێ جیاوازی لەو بەشەی تیایدا دەخوێنن پێویستە چەند کۆرسێک لەبواری زانستی مرۆڤایەتی وەربگرن .
کۆرسەکانی خوێندن لەبەشەکانی زانکۆ جیاوازن ، بەپێی سیستمی لیبراڵ ئاڕت داڕێژراون ، ئامانج لێیان بریتییە لەپەرەپێدانی بیری متمانەبەخۆبون ، داهێنان ، ئاشنابون بەنەریتەکانی مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی زانیاریی زۆرتر دەربارەی بەجیهان .
زانکۆ لەساڵی ٢٠٠٧ دەرگای بەڕوی فێرخوازاندا واڵاکرد لەسەرتاسەری عێراقدا کە یەکەم خولی خوێندنی لە ١٠ فێرخواز پێکهاتبو ، هاوکات پڕۆگرامی MBA ی دامەزراند بۆ خوێندنی ماستەر لەبواری کارگێری و ئابوری ، دواتر پەرەی سەند ، لەئێستادا نزیکەی ١٦٠٠ فێرخواز تیایدا دەخوێنن لەبوارەکانی (کارگێریی کار ، تەکنەلۆژیای زانیاری ، دیراساتی نێودەوڵەتی ، ئەندازیاری ، زمانی ئینگلیزی و راگەیاندن).
هاوکات لەگەڵ گەشەکردنی زانکۆ ، پرۆگرامەکانی خوێندن و چالاکیەکانی زیادیان کرد ، بەو هۆیەوە زۆرینەی فێرخوازانی زانکۆ بەشدارن لەچالاکیە خۆبەخشی ، کۆمەڵایەتی ، هونەری و وەرزشیەکان .
جگە لەیانەی وەرزشی بۆ باسکە ، تۆپی پێی کوڕان و کچان ، زانکۆی ئەمریکی زیاتر لە ٢٠ یانەی هەمەجۆری بۆ : خوێندنەوە ، شەترەنج ، مۆسیقا ، دراماو چەندینیتر لەخۆ گرتوە ، یەکەم یانە کە یانەکانی تری لێکەوتەوە لەساڵی ٢٠١١ دا دامەزراوە .
لەساڵی ٢٠١١ زانکۆی ئەمریکی لەعێراق - سلێمانی ، وەک باشترین زانکۆی کوردستانی عێراق لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە هەڵبژێردرا.
پرۆگرامە ئەکادیمیەکانی زانکۆ بەردەوامن لەڕاکێشانی فێرخوازە ئاستبەرزەکانی ناوچەکە ، وایان کردوە زانکۆ وەک ئامانجی یەکەمی فێرخوازان بمێنێتەوە .
زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، لەهەندێ حاڵەتدا مافی خوێندنی بەخۆڕایی و داشکاندن لەنرخی خوێندندا دەستەبەر دەکات بۆ فێرخوازان ، جا لەڕێی بەخشینی فێرخوازەوەبێت لەکرێی خوێندن ، یان لەڕێی دابینکردنی تێچوی خوێندنیانەوەبێت لەلایەن کەسانی ترەوە .
دەرچوانی زانکۆ دیارترین شانازین بۆ زانکۆکە ، لەساڵی ٢٠١٢ یەکەمین ئاهەنگی دەرچون بە بەشداری ٧٤ فێرخوازی بەکالۆریۆس و ماستەر بەڕێوەچو ، لەساڵی ٢٠١٠ زانکۆی ئەمریکی لەعێراق - سلێمانی چەند پەیمانگایەکی دامەزراند کە ئەمانەن : (پەیمانگای نەهرەين - سەنتەری لێکۆڵینەوە لەمیزۆپۆتامیای دێرین - سەنتەری توێژینەوە هەرێمیەکان - سەنتەری توێژینەوە لەئاشتی و ئاسایش) . هەروەها ساڵی ٢٠١٣ (پەیمانگای توێژینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان IRIS) ی دامەزراند بۆ درێژەدان بەکارەکانی سەنتەرەکانی پێش خۆی ، کە ئێستا بوەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەو دایالۆگ لەبواری خوێندنی وزە ، زانستی رامیاری ، جوگرافیای سروشتیی ئیقلیمی ، ئاسایش ، پەرەپێدانی ئابوری ، جێندەرو شوێنەوارناسی .
ساڵی ٢٠١٣ (پەیمانگای توێینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان IRIS) یەکەمین (دیداری سلێمانی) ی سازکرد کە لەو کاتەوە بوە بەباشترین کاری پەیمانگاکەو بەردەوام کەسانی دیارو شارەزا لەخۆی کۆدەکاتەوە .
لەکاتێکدا زانکۆکە لەچاو سەرەتادا گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە ، بەڵام بەردەوام لەهەوڵی گەشەسەندنی زیاتردایە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی سەرکەوتو بۆ پێگەیاندنی فێرخوازی بەهرەمەند لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا.
بۆ زانیاری زیاتر دهربارهی زانکۆی ئهمریکی تکایه تهماشای ئهم لینکه بکه