گوتاری ئاهەنگی دەرچون : ریکاردۆ کەرەم | The American University of Iraq Sulaimani

گوتاری ئاهەنگی دەرچون : ریکاردۆ کەرەم

زۆر سەربەرزو خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم  ، ئەمە یەکەمجارمە لێرە ، بەڕاستی خۆشحاڵم بەمە .

سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بکەم .

دەزانم هەموتان بەزۆر شتدا رەت بون تا بگەنە ئەم قۆناغە ، بەشەونخونیی زۆر ، بەقوربانیدانێکی زۆر کە حەزناکەن بێتەوە رێتان .    

ئێستاش خۆتان و خانەوادەتان چاوتان لەسەر داهاتوە ، بیرتان لەلای هەنگاوی دواترە ، دەزانم ئەمە کارێکی ئاسان نییە ، بەڵام کارێکی پڕ شەوقە .

بەوپەڕی چێژەوە رۆژی تەخەڕوجی خۆمم بەبیر دێتەوە ، هەستێکی سەرڕێژبو ، وەختێ کڵاوەکەمم نایە سەرم و رۆبەکەمم کردە بەرم ، نەمدەتوانی تەنانەت تەماشای هاوڕێکانیشم بکەم ، شڵەژان زاڵ بوبو بەسەرمدا ، بۆیە هاوهەستتانم .

 

رۆژی تەخەڕوج ئەزمونێکە ئاوێتە بەسۆز بۆ دەرچوان و خانەوادەکانیشیان ، چرکەساتی ئاهەنگگێڕان و بەدەستهێنانی دەستکەوت و هیواهەڵچنین لەسەر داهاتو و رامان لەڕابردوە .

 

ئێمە ژیانی خۆمان دروست دەکەین و چیرۆکی ژیانی خۆمان دەنوسینەوە .

ئەو سەرکێشییەی چاوەڕوانمان دەکات گەشتێکە بۆ دەستەبەرکردنی تواناکانمان و ئامانجەکانی ژیانمان .

ئەوەی لەپشتمانەوە دەگوزەرێت ، هەروەها ئەوەی لەپێشمانەوە دەگوزەرێت ، شتگەلێکی بچوکە لەچاو ئەوەدا کە لەناخماندا دەگوزەرێت .

بەگوێرەی ئەو نەریتی وتاربێژییەی لەرێوڕەسمی ئاهەنگەکانی تەخەڕوجدا دەگیرێتەبەر ، زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی داوای لێکردم لەبارەی خۆمەوە  بئاخڤم ، ئەمەش کارێکی زەحمەتە ، چونکە من کەسایەتییەکی میدیاییم و هەمیشە لەبەرچاودام .

رەنگە بەلاتانەوە سەیربێت ئەگەر بزانن کە من رانەهاتوم لەبارەی خۆمەوە بئاخڤم ، راستیەکەی هەمو کارو وزەو خۆدەرخستنێکی میدیایی من ، بۆ خستنەڕوی پرسیارو هەڵنانی کەسانی ترە تا دەربارەی خۆیان بدوێن .

دەربارەی گرنگترین پاڵنەرو نسکۆو سەرکەوتن و بێئومێدبونیان و ئەوەی کە : چی پاڵیان پێوە دەنێت سبەینان لەخەو رابن ، دەدوێین .

لەڕاستیدا نسکۆو بێئومێدبونەکان زۆر زیاترن .

هەوڵدەدەم بگەڕێمەوە بۆ دواوە بۆ ئەوەی پرسیار لەهەندێ میوانی بەرنامە گفتوگۆییەکەم بکەم بزانم ئاخۆ چ ئامۆژگارییەکیان پێیە بۆ ئێوە ؟ عێراقییانێکی سەرکەوتو چیتان پێدەڵێن لەبەرنامەکەمدا (بەرنامەی عراقیون) ؟

(رەفعەت ئەلچادرچی) و (زەها حەدید) چییان دەگوت ئەگەر ئەمڕۆ لێرە راوەستابان ؟

گوێبگرن بزانن (زەها) چیی پێمگوت ؟

پێی گوتم : نهێنیی سەرکەوتن لەهەر شتێکدا بریتییە لەفێربون ، فێربون لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنەکەتدا راناوەستێت .

ئەو پێی وایە رێگای سەرکەوتن لەفێربونی وانە سەختەکانی ژیانەوە بەدی دێت .

دەبێت پێداگیری لەسەر بایەخی ئەم قسەیە بکەم :

وانەکانتان مەژمێرن

نیعمەتەکانتان بژمێرن

بەڕاستی فێربون ئامادەسازییە بۆ ژیان

فێربون خودی ژیانە .

جارێکیان کەسێک وەهای گوت :

فێربون ئەو پۆشاکەیە کە دەیکەیتە بەرت بۆ ئەوەی پێیەوە راهێنان لەسەر ژیان بکەیت ، ئەو ژیانەی کە چاوەڕوانت دەکات و دواجار تێیدا دەژییت.

جارێکیان (مارتن لۆسەر کینگ) گوتی :

(زیرەکی و شەخسییەت ئامانجە راستەقینەکەی فێربونن)

بەرلەوەی شتی زیاتر بخەمەڕو دەمەوێت دەربارەی باکگراوندو شەخسییەتی خۆم و رێگاو بژاردەکانم بڕێکی کەم بۆتان بدوێم :

من بڕوادارم و بڕوام بەسەرکەوتنی مسۆگەری خۆم هەیە ، زۆرجار پشتم بەخۆم بەستوە ، بۆیە ئەڵتەرناتیڤێکی ترم نەبو ، رەنگە سەرەتا سەختەکەی ژیانم گەیاندبێتمی بەم دۆخەی ئێستام ، هەر ئەویشە بۆتە هۆکاری ئەوەی لێرە لەبەردەمتاندا راوەستم ، رەنگە وەک هەندێک لەئێوەبوبم .

باوکم مرد ، مرد تەنانەت پێش ئەوەی لەدایک ببم ، فێربوم بەبێ ئەو بژیم ،  شەوان تەماشای ئاسمانم دەکرد بۆ ئەوەی باوکم لەنێوان ئەستێرەکاندا ببینم ، تا هیوابڕاوبوم .

هەر ئەوسا زانیم دەبێت تەنها پشتم بەخۆم قاییم بێت .

ئەگەر کەسێک لەئێوە هەمان رەوشی ژیانی منی هەیە ، یان گرفتاری کۆستێک و ئێش و ئازارێکی گەورە بوە ، دەبێت ورە بنێتە بەر خۆی و ئازابێت .

بیرت هەبێت : چاکبونەوەو شیفا مانای ئەوە نییە زەرەرو زیانەکە روی نەداوە ، بەڵکو مانای ئەوەیە زەرەرو زیانەکە دەسەڵاتی بەسەر ژیانماندا ناماوە .

مەهێڵە ئەو کۆستەو ئەو زەرەرە تواناکانت و داهاتوت بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە ، چونکە تۆ بەڕاستی داهاتویەکی بەنرخت هەیە .

چیرۆکی ژیانی من ، چەند ساڵێکی کەم بەر لەسەرهەڵدانی جەنگ لەلوبنان کە هەڵگیرسا بۆ ئەوەی سەرجەم ساڵانی بێگەردی و بێوەیی تێکبشکێنێت ، دەستی پێکرد .

بەدرێژایی ساڵانی منداڵی و هەرزەکاریم لەناو جەنگدا ژیام .

لەڕاستیدا من تەمەنم پێنج ساڵان بو کە جەنگ لەلوبنان هەڵگیرسا .

هەمو شتێک پەیوەندیی بەوێرانکارییەوە هەبو .

شتگەلی زۆر ترسناکمان بینی .

چەندینجار لەم خانوەوە بۆ ئەو خانو ماڵگۆڕکێمان کرد .

هەمو جارێک لەماڵگواستنەوەدا یاریەکانم و ئەلبومەکانم و کتێبەکانم و هاوڕێکانمم بزر دەکرد .

بەهەرحاڵ هەمو یادەوەریەکانمم تا ئێستا لەناخمدا هەڵگرتوە .  

هەمو شتێکم لێ زەوت کرا ، بەڵام خەونێکم هەر هەبو ، هەرچەند لەو سەردەمەدا بەهایم نەدەزانی .

عاشقی مۆسیقابوم ، هەرچی پارەو پۆلی گیرفانم بو هەمویم لەکڕینی کاسێتی گۆرانیدا خەرج دەکرد ، ئەو سەردەمە سیدی لەئارادا نەبو .

لەکاتی خوێندنی زانکۆییمدا جەنگ ‌هێشتا هەر مابو .

لوبنان دابەش بوبو بەسەر ١٧ تایەفەدا .

لەهەمو جێیەک هەر سوپاو لەشکر ، سەیتەرەی پشکنین ، رفاندن و رفاندنکاری و کوشتوبڕو تیرۆربو ، رێک وەکئەوەی کە لێرە رودەدات .

لەناوجەرگەی ئەو ژینگەیەدا فێربوم و گەورەبوم .

لەرۆژهەڵاتی بەیروتەوە دەپەڕیینەوە بۆ رۆژئاوای بەیروت بۆ ئەوەی بچین بۆ زانکۆی ئەمریکی .

ترس و بیمی ئەوسام بیر ماوە .

دەترساین لەبڕینی ئەو رێگا رۆژانەیە ، بەڵام بڕینی ئەو رێگایە کەسێتیمی پێکهێنا .

یەکەم بڕوانامە کە بەدەستم هێنا لەهەندەسەی کیمیادابو .

بڕواهێنان بەمە سەختە ، وایە ؟

بەڵام بەڕاستی ئەمەم کرد .

ئەوەی لەزانکۆی ئەمریکیی بەیروتەوە لەگەڵ خۆم بردم ، لەبەها باڵاکەی فێربوندا بەرجەستە بوە ، کە بریتییە لە : دیسپلین و فزول و رەوشتی بەهێزی کارکردن و زەینی رۆشن و کراوەو کرانەوە بەڕوی کەسانی تردا .

زانکۆی ئەمریکیی بەیروت فێری لێبوردەیی و هاوسۆزی و بایەخی گفتوگۆو ئازادیی گوتن و کارو کردەوەو پاداشتدانەوەی کۆمەڵگەی کردم .

ئەم بەهایانە کەسێتیی ئێستامی پێکهێنا .

بەهۆی ئەم بەهایانەوە کە پێکەوە هاوبەشین تیایاندا ، ئێستا کە لەگەڵ ئێوەم وا هەست دەکەم لەماڵی خۆمدام .   

شێوازی فێرکردن پایەی ناوچەکەمانە .

زانکۆکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەندێ لەگەورەترین مرۆڤەکانمانیان دروست کرد .  

ئەم شێوازەی فێرکردن توانای پێبەخشیم مامەڵە لەگەڵ چین و توێژێکی زۆری کۆمەڵگە بکەم ، لەکەسانی دەوڵەمەندەوە بیگرە بۆ هەژارترین و دەستکورتترین خەڵک .

لەڕاستیدا مامەڵە لەگەڵ خەڵکی هەرچوار لای گۆی زەوی دەکەم .

لەلوبنان (وەکئەوەی لەلای ئێوە هەیە) زۆرجار پەنابەری جۆراوجۆرمان هەبوە کە لەشوێنانی ترەوە رویان تێکردوین .

فێربوین لەگەڵیان بژیین .

تکا دەکەم شانازی بەڕەگوڕیشە دیموکراتیەکەتانەوە بکەن ، بەئەندازەی شانازیی من .

ئەو دەمەی لەزانکۆی ئەمریکیی بەیروت تەخەڕوجم کرد – ساڵی ١٩٩١ ، بەدوایدا

ماجستێرم لەکارگێڕیی کاردا بەدەست هێنا ، جەنگی لوبنان تازە بەتازە کۆتایی هاتبو ، نەماندەزانی شێوەی لەوەودوای وڵات دەبێت چۆنچۆنی بێت ؟  

تەنها ژیانێکی ئاساییمان دەویست ، وەکئەوەی لەفیلمەکاندا دەمانبینی .

لەسفرەوە دەستمان پێدەکردەوە .

ئەوێ دەمێ خاوەنی هیچ شتێک نەبوم ، بەڵام لەفزول و خولیادا دەوڵەمەندبوم .

دەستم کرد بەپەیبردن و هاتوچۆی کۆڕو کۆنگرەو پێشانگەو ئاهەنگە مۆسیقیەکان .

کتێبگەلێکم کڕی و بەچڕوپڕی دەستمدایە خوێندنەوە .

دەبو سەرلەنوێ پەی بەخۆم ببەمەوە .

دەستمکرد بەخۆڕۆشنبیرکردن لەسیاسەتدا ، رۆژانە سەرجەم رۆژنامە جۆراوجۆرەکانم دەخوێندەوە .

زۆرم هەبو بیکەم ، بەتەنیاباڵی کردم .

(هەرگیز گاڵتە بەهێزی عەقڵ مەکە ، ‌هێزی عەقڵ مەزنترین رێگای پەیبردنە) .

دەمویست جیاوازبم ، زۆرجار ئەمە دروشمم بوە .

یەکەم کارم لەبواری میدیادا بێژەری بو لەئێستگەیەکی فەرەنسی ، ئەو دەمە تەمەنم ١٨ ساڵ بو ، لەخۆبڕابوم و بەرنامەم داڕشتبو ، لەبەرئەوە ئاخریەکەی ئەو وەزیفەیەم بەدەست هێنا .

بەلەکنە فەرەنسیەکەم هەڵمکوتایە سەر ماڵی ژنان و پیاوان لەلوبنان ، حەزم لەو کارەبو ، حەزم لەقسەکردن بو لەگەڵ خەڵک راستەوخۆ  لەپەخشەوە ، حەزم لەدروستکردنی هاوڕێیەتیی گریمانەیی و هاوبەشیکردن لەخەم و خۆشی و تەنیایی و سەرکەوتن و تەنانەت نسکۆی بیسەران بو .

ئیدی دوای ئەوە دەنگم بو عەلامەتێکی دیاری ریکلامە بیستراو و بینراوەکان ، کردنی ئەو کارەم پێخۆشبو .

کتوپڕ داوایەکم لێکرا لەتەلەفزیۆندا کار بکەم و بەرنامەیەکی هەفتانە پێشکەش بکەم .

من ؟ لەتەلەفزیۆن کار بکەم ؟

کارکردن لەتەلەفزیۆنی دەوڵەت ، شتێکی سەرنجڕاکێش یان جوانی تێدا نەبو .  

ئەوێ دەمێ تەنها یەک کەناڵی تەقلیدیی گشتیمان هەبو ، بەڵام ناچارکرام و  رازی بوم .

سەرەتاکان بێکەڵک بون ، دەبو زۆر باش توانای خۆم سافوسۆڵ بکەم .

حەزم لێبو لەگەڵ خەڵک لەپەیوەندیدابم ، هەرچی لەتەلەفزیۆن بکرێت کردم ، لەدنیای دیکۆرسازیدا لەشوێنی وێنەگرتن ناوبانگم پەیدا کردو فێری مۆنتاج بوم .      

بەشداریم کردوە لەکاری دەنگ و روناکی و بەرهەمهێنان ، لەبەردەم کامێراو لەپشت کامێراوە راوەستام ، ئیشم لەتەلەفزیۆن ئاسان نەبو ، زۆر کەس هەوڵیاندا راموەستێنن و نەهێڵن لەکارەکەمدا گەشە بکەم ، لەپیاوانی هەواڵگرییەوە بیگرە بۆ پیاوانی سیاسەت ، لەرەخنەگرانەوە بیگرە بۆ هاوپیشەو هاوکاران ، بگرە سەرۆکی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانیش دژم بون ، ئیرەیی پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی هەر کەسێک ، بەڵام هەرگیز بایەخم پێ نەدا .

جارێکیان (نیڵسۆن ماندێللا) گوتی : (بریا بژاردەکانت رەنگدانەوەی هیواکانتبان نەک رەنگدانەوەی ترسەکانت) .

ئامۆژگاریەکەیم لەگوێ گرت .

بەدرێژایی ٢٥ ساڵ کارکردن لەتەلەفزیۆن ، توانیم لەبەرنامەکانمدا میوانداریی گەورەترین بەرپرس و بزوێنەرانی کاروبارەکان ، هەروەها گەورەترین بیریارو  چالاکان لەجیهاندا بکەم .

زۆرجاران بەرنامە تەلەفزیۆنیەکانم سەربەخۆبون ، لەسەرم بو سەربەرزانە راوەستم ، ئەمەش کارێکی زۆر سەختە لەڕەوشێکی گشتیدا کە زۆربەی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان توانای خۆیان لەپارەو پولی پیاوانی سیاسەت و پرۆژە بازرگانییە گەورەکانەوە بەدەست دێنن .

بەکارو کۆششی جدی ئەمەم کرد بۆ ئەوەی ناوەڕۆکێک بەکوالیتییەکی بەرز گەشە پێبدەم ، لەژینگەیەکدا کە کوالیتی تیایدا بزر دەبو .

لەسەرم بو بەرپەرچی جۆرە باوەکان بدەمەوەو بەرنامەگەلی باش و چاک بسەپێنم .

من ئەندامی سەندیکاگەلێکی جیهانیی گەورەم ، گوتار دەدەم و بەشداریی کۆنگرەگەلی جیهانی دەکەم ، بۆ هاندانی خەڵک ، هاندانی لاوان ، هانیان دەدەم بەرەوپێش بچن و بێئومێد نەبن بەربەستەکان هەرچیبن .  

ئەرکی من لەژیاندا ئەوەیە نەوەکانی داهاتو وەها لێبکەم سەربەرزبن ، گەشبینبن بەرامبەر داهاتوی خۆیان .

لەئیشکردنمدا لەتەلەفزیۆن ، ئەجێندام هەمیشە بریتیە لە : رەتکردنەوەی سلبییەت و هیواچاندن لەبینەراندا .

بیر لەهەواڵەکانی دەیەکانی رابردوی ئەم ناوچەیەی جیهان بکەنەوە ، دەبینن لەبارەی جەنگ و ملململانێ و تایەفەگەری و خێڵەکێتی و توندڕەوییەوە بون .

لێشاوی بەردەوامی هەواڵی خراپ ، هیوا تێکدەشکێنێت و رەشبینی دەخاتەوە ، لەبەرئەوە پێشکەشکردنی بیرێکی پێچەوانەی ئەوە کارێکی زۆر بەبایەخە .

بیرۆکەی دامەزراندنی (سەکۆی تەکریم) لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکانمەوە هاتە ئارا .

بەرنامەگەلێکم لەگەڵ هەندێک لەگەورەترین ناوەکانی جیهان پێشکەش کرد ، لەوانە : لۆچیانۆ بافاروتی ، بیڵ گەیتس ، دالای لاما ، نیڵسۆن ماندێللا ، پاوڵۆ کۆیلۆ ، ئەندریێ ئاجاسی ، تەنها وەک بەبیرهێنانەوە ، هەروەها کەسایەتیگەلی زۆر رێزدار لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

بینەران لەگەڵمدا پەییان بەکەسایەتیی راستەقینەی (زوها حەدید ، کارلۆس غوسن ، نیکۆڵا حایک ، تۆم باراک) و زۆری تر برد ، بەڵام زۆرجاریش ویستومە ناوی نەناسراو بێنمە ناو ناوان و پاڵەوانانێکی ون (ون لای عامەی خەڵک) بخەمەبەرچاو .

لەکارکردنمدا لەڕاگەیاندن ، دەرفەتێکی چاکم هەبو بۆ تیشکخستنەسەر کەسانێک کە کاری مەزن دەکەن ، دەستپێشخەریی (سەکۆی تەکریم) دەرفەتێک بو بۆ کردنی ئەو کارە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە .

یەکێک لەئەرکە بنەڕەتیەکانمان بریتیە لە : بەرپەرچدانەوەی شێوازە تەقلیدییە سلبیەکان ، بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە دەتوانین کاری مەزن بکەین .

هەشت ساڵ لەمەوبەر (سەکۆی تەکریم) مان دامەزراند ، کە ئەمڕۆ لەچاو لەوەوبەریدا بایەخێکی زۆرتری پەیدا کردوە لەرەواجپەیداکردندا بۆ کەسانی پێشەنگ و بەخشینی شتێک بەلاوان کە خواستیانە پێی بگەن .

لەڕێی سەکۆی خەڵاتبەخشینەوە ئەمە دەکەین .

رێز لەکەسان و دامەزراوەگەلێک دەنێین کە بەرزترین پێوەر لەبواری توێژینەوەی زانستی و پزیشکیدا پێشکەش دەکەن .

هەروەها لەو پیاو و ژنانەی کە هەوڵ دەدەن دیارو جیاوازبن لەبواری فێرکردندا .

هەروەها لەکاری مرۆیی

وەک سەرکردەی دامەزراوەکان

وەک پێشەنگەکانی بواری هونەر

وەک پێشەنگانی تازەکاری  بواری کار .

 

نۆ جۆر خەڵاتی جیاجیامان هەیە ، هەر ساڵەو لەشارێکی جیاواز دەیبەخشین .

پارساڵ ئاهەنگی خەڵاتبەخشینمان لەمیسر سازدا ، ئەمساڵ لەئوردون سازی دەدەین ، رۆژێک لەڕۆژان ئاهەنگی ئەم سەرکەوتنانەش لەوڵاتە جوانەکەی ئێوەدا ساز دەکەین .

ئەمە دەکەین بۆ ئەوەی سلبیاتەکان بگۆڕین بەئیجابییات .

میوانانی بەڕێز ...

پێویستە لەسەرمان ببینە پێشەنگ بۆ خۆمان .

لەیەکێک لەقۆناغەکانی ژیانمدا بژاردەیەکم هەبو ، بڕیارمدا لەوڵاتەکەمدا بمێنمەوە ، رەنگە هەندێ دەرفەت لەکیس بدەم ، لەپێناوی سەرخستنی مەعریفەت و گەشەی ئابوری و گۆڕانی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگەکانی جیهانی عەرەبیدا کە من سەر بەو جیهانەم .

دەمەوێت پێتان بڵێم : پێویست ناکات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن ، لێرە دەرفەتگەلی باش هەن ، زۆر شت هەن کە بکرێن .

 

دەرفەتتان دەبێت داهاتوی عێراق و کوردستان و ناوچەکە بنیات بنێن ، دەتوانن لێرە کاریگەرییەک بخوڵقێنن کە لەڕۆژئاواو هێچ شوێنێکی تر پێتان ناخوڵقێت .

خوێندنەکەتان سەرجەم ئامرازە گونجاوەکانتان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ کردنی هەر کارێک کە بتانەوێت .

دەتوانن جیاوازییەکی ئیجابی بهێننە ئارا ، تەنها لەڕێی دەستگرتن بەو بەهایانەوە کە زانکۆکەتان کار بۆ چەسپاندنیان دەکات :

 

هاووڵاتێتیی باش ، دەستپاکی ، پەیوەندیگرتن و دۆستایەتی لەگەڵ کەسانی تر ، هەروەها گوێگرتن لێیان ...

دەتوانن پێکەوە گەورەترین و فراوانترن کاریگەری کە بەخەیاڵدا بێت بخوڵقێنن .

هەمومان گرێخوردەین لەگەڵ یەکتر .

شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتتان ، چۆنیەتیی مامەڵەکردنتان لەگەڵ کەسانی تر ، کاریگەریی راستەوخۆی هەیە .

ژیان لەسەر بنەمای پەیوەندی و هاوڕێیەتی دەکەوێتە سەرپێ ، لەبەرئەوە ئاگاتان لەبەکارهێنانی وێنە شەخسیەکانتان و وێنەی هاوڕێکانتان بێت ، ئەو وێنانەی کە ئەمشەو لێرە دەیانگرن .

ئەو فێرخوازانەی بەڕێی تەخەڕوجکردنەوەن ، دەمەوێت سەرنجتان بۆ هەندێ ئامۆژگاری رابکێشم بەڵام هەرگیز لەبیرتان نەچنەوە :

تەخەڕوجکردن کۆتایی نییە ، سەرەتایە .

جوانیی فێربون لەوەدایە کە کەس ناتوانێت لێتانی زەوت بکات .

خەریکی کاری خۆتانبن و راستگۆبن لەگەڵ خۆتان .

هەرگیز رێی کەسیتر مەگرنەبەر مادەم لەدارستانێکدا نین رێتان تێدا هەڵە کردبێت و  رێگەیەکتان دیبێتەوە ، ئەگەر وابو دەبێت رێگاکە بگرنەبەر .

لەهەر شوێنێک بون لەو شوێنەوە دەست پێبکەن .

چ ئامرازێکتان لەبەردەستدابو ئەوە بەکاربێنن .

ئەوە بکەن کە پێتان دەکرێت .

بۆ بەجێهێنانی کاری مەزن ، نابێت تەنها وەخۆ بکەون و بجوڵێن ، بەڵکو دەبێت خەونیشتان هەبێت .

هەروەها نابێت تەنها پلان دابڕێژن ، بەڵکو دەبێت بڕواشتان هەبێت .

پەیامی کۆتاییم بۆ ئێوە ئەمەیە :

ئەو گۆڕانکارییە ئەنجام بدەن کە دەتانەوێت بیبینن .

خەون و بڕواتان هەبێت ، وەخۆکەون و بجوڵێن و ببیستن .

خوازیاری چێژێکی زۆرم بۆ هەموتان ...