سەنتەری گەشەپێدان و سەرچاوە سروشتیەکان CDNR ئامانجی ئەوەیە روانگەیەک و شێوازێک بۆ رێکخستنی سامانی نەوتی عێراق دەستەبەر بکات ، بەجۆرێک کە زەمینە بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی نەوت لەوڵاتەکەدا ببێتە بایسی خۆشگوزەرانیی خەڵک و چەسپاندنی حکومڕانییەکی دادپەروەرانە لەکۆمەڵگەدا .
سەنتەرەکە بەهاری ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە ، سەر بەپەیمانگای توێژینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان (IRIS) ەو پەیمانگەکەش سەر بەزانکۆی ئەمریکییە لەسلێمانی .
سەنتەری گەشەپێدان و سەرچاوە سروشتیەکان لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، بەهاوکاریی کەسانی شارەزاو کاری هاوبەش لەگەڵ ئەوان ، پەرە بەکارو چالاکیەکانی خۆی دەدات و لەهەوڵی چاسپاندنی ئامانجەکانیدا دەبێت.
ئامانجی سەرەکی سەنتەرەکە دو دانەیە :
یەکەم / بەهۆی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەکانیەوە ببێت بەسەرچاوە بۆ کۆکردنەوەو بەخشینی زانیاری دەربارەی هەر شتێک کە پەیوەندیی بەسامانی نەوتی عێراق ، عێراق خۆی ، هەروەها فیدڕاڵیزمەوە هەبێت .
دوەم / لەڕێی چالاکیەکانیەوە ببێتە یەرمەتیدەر لەفراوانکردنی ئاستی تێگەیشتنی بەرپرسانی حکومی لەعێراق ، هاوڵاتیان ، هەروەها خوێندکاران ، بۆ ئەوەی بتوانرێت بڕیاری دروست دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی نەوتی وڵاتەکە بدرێت .
چالاکیەکانی CDNR:
سەنتەری گەشەپێدان و سەرچاوە سروشتیەکان CDNR ، چ بەتەنیا ، چ بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی تری لێکۆڵینەوە ، کۆمپانیای نەوت ، وەزارەتەکانی حکومەت ، یان هەر دامەزراوەیەکی تری ئەکادیمی ، بەدوای چەسپاندنی ئامانجەکانیەوە دەبێت لەڕێی چالاکییە جۆراوجۆرەکانیەوە ، لەوانە :
- کۆکردنەوەو بڵاوکردنەوەی زانیاری بەشێوەی راپۆرت ، وتار، توێژینەوەو … هتد .
- پێشکەشکردنی کۆرسی تایبەت دەربارەی (نەوت ، سیاسەت ، سیستمی فەرمانڕەوایی ، … هتد) بۆ خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، هەروەها پێشکەشکردنی جەندین پرۆگرامی جۆراوجۆر.
- میوانداریکردنی لێکۆڵەرو توێژەرانی بیانی بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەبارەی عێراق و هەرێم و ناوچەکەوە بەگشتی .
- ئەنجامدانی راهێنان و وۆرکشۆپی تایبەت .