بەهرەمەندیی فێرخواز لەبیرکاریدا ، مەرجێکە لەمەرجەکانی بڕینی قۆناغی بەکالۆریس لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی جا لەهەر پسپۆڕییەکدابێت ، بەتایبەتی لەپسپۆڕیی ئەندازیاریدا .
زانکۆى ئەمریکیی سلێمانى ، خوازیارە سەرجەم فێرخوازەکانى لەوانەى بیرکاریدا سەرکەوتوبن ، لەبەرئەوە خوێندنی بیرکاریی کردوە بەپێشمەرج بۆ خوێندن لەزانکۆکەدا ، واتە دەبێت سەرجەم فێرخوازان وانەی بیرکاری بخوێنن .
فێرخوازان ، لەدەستپێکى کۆرسی سێیەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمیدا (واتە کاتێک کە کۆرسی دوەم تەواو دەکەن و پێهەڵدەگرن بەرەو خوێندنی کۆرسی سێیەم)، پێویستە بەتاقیکردنەوەیەکی بیرکاریدا رەت ببن کە بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی توانایانە لەبیرکاریدا ، پاش دیاریکردنی ئاستی توانایان لەبیرکاریدا ، دەبێت هەریەکە بەپێی ئاستی دیاریکراوی خۆی ، یەکێک لە (٢) قۆناغەکەی بیرکاری بخوێنێت : یان بیرکاریی ئاستى یەک MATH 1 ، یان بیرکاریی ئاستی دو MATH 2 (بەپێی ئەو ئاستەی کە لەتاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستدا بۆی دیاری کراوەو تێیدا دانراوە) ، بۆ ئەوەى کۆتایی بەخوێندنی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی بهێنێت و پێهەڵبگرێت بەرەو خوێندنی پرۆگرامی ئەکادیمی .
لەهەمو حاڵەتێکدا پێویستە فێرخواز بیرکاریی ئاستی یەکMATH 1 ببڕێت بۆ ئەوەی (پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی) کۆتایی پێبهێنێت و پێهەڵبگرێت بەرەو خوێندنی پرۆگرامە ئەکادیمەکەی ، بەڵام بیرکاریی ئاستى دو MATH 2 تەنها لەکۆرسی سێیەم و چوارەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکایمیدا دەخوێندرێت .
لەکۆتایی کۆرسی دوەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمیدا ، دەبێت سەرجەم فێرخوازان بچنەبەر تاقیکردنەوەى بیرکاری ، بۆ دیارکردنی ئاستی توانایان لەبیرکاریدا ، پاش ئەوە دەبێت لەکۆرسی سێیەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمیدا دەست بکەن بەخویندنی یەکێک لە (٢) ئاستەکەی وانەی بیرکاری (هەر یەکە بەپێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکەی).
- فێرخواز ، ئەگەر نەچێتەبەر تاقیکردنەوەی بیرکاری ، بۆ دیاریکردنی ئاستی توانای لەبیرکاریدا ، ئەوا راستەوخۆ دەخرێتەبەر خوێندنی بیرکاریی ئاستی یەک Math 1 .
- فێرخواز تەنها یەک جار بۆی هەیە بچێتەبەر ئەم تاقیکردنەوەیە .
- فێرخوازانی کۆرسی سێیەم و چوارەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، پێویستە لەسەریان یەکێک لە (٢) ئاستەکەی بیرکاری ( Math 1 and Math 2)) بخوێنن (هەریەکەیان بەپێی ئەو ئاستەی کە لەدوای تاقیکردنەوەی توانایان لەبیرکاریدا بۆیان دیاری دەکرێت) .
- لەهەمو حاڵەتێکدا بڕینی ئاستى یەکەمى بیرکارى ، پێشمەرجی کۆتاییهێنانە بەپرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی .
- غایببون لەوانەی بیرکاردا ، شوێنەواری خراپ لەسەر وانەکانی تریش بەجێدەهێڵێت ، دەبێتە هۆی راسببونی فێرخواز لەوانەی ئینگلیزییشدا ، هەروەها غایببون لەوانەى ئینگلیزییشدا دەبێتە هۆى راسببون لەوانەى بیرکاریدا .
رونکارییەک بەجەدوەل
پرۆگرامى بیرکارى |
نمرەى کۆتایى |
ئەنجام |
ئاستى یەکەم MATH 1 |
70-100 |
دەست دەکات بەخوێندنی MATH 2 یان خوێندنی بیرکاریی ئەکادیمی |
ئاستى یەکەم MATH 1 |
50-70 |
دەبێت دوبارە دەست بکاتەوە بەخوێندنی MATH 1 |
ئاستى یەکەم MATH 1 |
0-50 |
دەبێت سەرلەنوێ دەست بکاتەوە بەخوێندنی سەرجەم کۆرسەکە (کۆرسی دوەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی) بەهەردو وانەکەوە (ئینگلیزى و بیرکارى) |
ئاستى دووەم MATH 2 |
70-100 |
پێویست ناکات MATH 101 بخوێنێت بەڵکو تەنها بیرکاریەکەی پرۆگرامی ئەکادیمی دەخوێنێت کە سێ یەکەیە . |
ئاستى دووەم MATH 2 |
50-70 |
دەبێت دەست بکات بەخوێندنی بیرکاریی ئەکادیمی MATH 101
|
ئاستى دووەم MATH 2 |
0-50 |
دەبێت سەرلەنوێ دەست بکاتەوە بەخوێندنی کۆرسی چوارەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی . |
چەند تێبینییەک بۆ ئەو فێرخوازانەى کە خوازیارن بچنە بەشی ئەندازیاری بۆ خوێندن :
ئەگەر فێرخواز ٧٠ یان بەرەوسەرتری هێنا ، ئەوا ناچار نییە بیرکاریی ئەکادیمی (Math 101) بخوێنێت ، بەڵکو تەنها ئەو سێ یەکەیە دەخوێنێت کە لەپرۆگرامی ئەکادیمیدا دیاریکراوە بۆ خوێندن .
فێرخوازانی ئەندازیاری ، دوای کۆتاییهێنان بەخوێندنی Math 2 ، دەست دەکەن بەخوێندنی Math 133 (چوار یەکە دیاریکراوە بۆ خوێندن) .
ئەو فێرخوازانەی بەشی ئەندازیاری کە لەپرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمیدا Math 133 ناخوێنن ، ماوەی خوێندنیان لەچوار ساڵدا کۆتایی نایەت ، بەڵکو درێژە دەکێشێت بۆ سەروی چوار ساڵ .
رێنمایی بۆ فێرخوازان :
فێرخواز ، لەگەڵ بڕینی کۆرسی دوەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی و پێهەڵگرتن بەرەو خوێندنی کۆرسی سێیەمی پرۆگرامەکە ، پێویستە بچێتە بەر تاقیکردنەوەی بیرکاری ، بۆ ئەوەی بزانرێت توانای لەبیرکاریدا لە چ ئاستێکدایە .
فێرخوازانی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، لەڕێی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی Topschool ەوە دەچنە ناو خوندنی بیرکارییەوە .
تاقیکردنەوەی دیاریکردنی توانا لەبیرکاریدا :
هەمو فێرخوازێک مافی ئەوەی هەیە بەشداریی (تاقیکردنەوەی دیاریکردنی توانا لەبیرکاریدا) بکات ، بەڵام تەنها یەک جار ، ئەویش دوای بڕینی کۆرسی دوەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی و پێهەڵگرتن بەرەو خوێندنی کۆرسی سێیەمی پرۆگرامەکە .
فێرخوازانی کۆرسی سێیەمی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، لەهەفتەی رێنماییکردن (أسبوع التوجيه) دا ، دەچنەبەر (تاقیکردنەوەی دیاریکردنی توانا لەبیرکاریدا) .
ئەو فێرخوازانەی کە یەکسەر لەخوێندنی ئەکادیمی وەردەگیرێن ، پێش ئەوەی بەفەرمی ببنە فێرخوازی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و دەست بەخوێندن بکەن ، لەگەڵ فێرخوازانی بەشی بیرکاریی ئەکادیمیدا دەچنەبەر (تاقیکردنەوەی دیاریکردنی توانا لەبیرکاریدا) .