زانکۆى ئەمریکى لە عێراق، سلێمانى ، لەبەرزاییەکدا هەڵکەوتوە لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ، لەسەر ڕێگەی نێوان (کەرکوک – سلێمانی) .
ئەو زەوییەی زانکۆی لەسەر بنیادنراوە ، بەشی دەستەبەرکردنی سەرجەم پێداویستییە فێرکاری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە فێرخوازیەکەی زانکۆ دەکات لەئێستاو لەداهاتوشدا .
زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، یەکەمجار لەجێگەیەکی بچوکتردا کرایەوە کە کەوتبوە ناوجەرگەی شارەوە ، تەنها یەک بینای کارگێڕی و هەندێک (پۆلی جوڵاو / صفوف متحركة) ی هەبو ، بەڵام ئەمڕۆ بۆتە یەکێک لەدامەزراوە زانکۆییە هەرە باشەکان لەعێراقدا .
حەرەمی نوێی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی کە لەسەر زەوییەکی پان و پۆڕی ١٦٩ هێکتاری بنیادنراوە ، بینایەکی کارگێڕی و یەکێکی ئەکادیمی و زیاتر لەپەنجا دانە پۆلی تێدایە ، بەداتاشۆو تاقیگەی کۆمپیوتەریی پێشکەوتو و کتێبخانەیەکەوە کە هەزاران کتێبی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبیی تێدایە .
زانکۆ هەروەها کافتریایەکی فراوان و چەندین هۆڵی یەدەگ کە بۆ چەندین کار دەست دەدەن ، لەگەل ساڵەیەکی یاریکردن و دو (٢) یاریگای دەرەکی : یەکێکیان بۆ تۆپی دەست و ئەوی تریان بۆ تۆپی پێ ، دەگرێتەخۆ .
جگەلەوە ، بینایەکی ئەکادیمیی زیادە ، بەچەندین تاقیگەی زۆر پێشکەوتوەوە ، لەگەڵ چەندین دەزگاو ئامرازی گرنگ ، لەوانە : دەزگایەکی چاپکردنی ٣ رەهەند (3D) ، جێگەیەکی تایبەتی بۆ فرۆشتنی کتێب ، چەندین سەنتەری تایبەت بەپەرەپێدانی توانای نوسین و ماتماتیک ، سەنتەرێکی تاقیکردنەوە ، هەروەها سەنتەرێکی پەرەپێدانی توانا پیشەییەکان ، لەزانکۆدا هەن .
زانکۆ هەروەها ٤٠٠ سیسەمی نوستنی لەناو بینای بەشی ناوخۆیی فێرخوازان کە لەناو خودی زانکۆدایە ، بۆ فێرخوازانی دەرەوەی شار دابین کردوەو ئامێزی واڵایە بۆ هەر فێرخوازێک کە بیەوێت نیشتەجێی ببێت و تیایدا بحەوێتەوە .
شوێنە خۆشەکەی زانکۆ لەناو شارە رەنگین و جوانەکەی سلێمانیدا ، کەشێکی دڵگیرو ئاسودەی بۆ خوێندن رەخساندوە ، وایکردوە فێرخوازان بەدڵ حەز لەخوێندن و تێکەڵاویی یەکتر بکەن ، هەروەها وایکردوە هامشۆکارانی زانکۆش دڵخۆشبن بەسەردانیکردنی زانکۆو بینینی فێرخوازی دڵگەرم بەدەم هاتوچۆوە لەبەردەم کافتریاکەی زانکۆدا ، یان بەدەم خوێندنەوەوە لەکتێبخانەی زانکۆدا ، یان بەدەم پیاسەوە لەهەوای پاکی زانکۆدا ، یان بەدەم تەماشاکردنی یارییەوە ، یاخود بەدەم ژەندنی پارچە مۆسیقایەکەوە .
زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، بەپێی حساباتێکی وردی دوربینانەو داهاتوبینانە بنیادنراوە ، بەجۆرێک کە بتوانێت بەردەوام فێرخوازی زیاترو زیاتر جێبکاتەوە ، هەروەها بەکەڵکی ئەوەبێت بەدەم خواستی بەردەوامی ئەو کەسە دڵسۆزانەوە بچێت کە هەمیشە داوای جۆراوجۆرکردن و فراوانکردنی فرسەتی خوێندنی لێدەکەن .
دەتوانن لەڕێی ئەم کورتە ڤیدیۆیەوە ، ببینن کە ژیانی زانکۆیی لەناو زانکۆی ئەمریکیی سلێمانیدا چۆن دەگوزەرێت .