دامەزراوەی هیواو زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی سکولارشیپێکی نوێ رادەگەیەنن | The American University of Iraq Sulaimani

Warning message

Mean Menu style requires jQuery library version 1.7 or higher, but you have opted to provide your own library. Please ensure you have the proper version of jQuery included. (note: this is not an error)

دامەزراوەی هیواو زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی سکولارشیپێکی نوێ رادەگەیەنن

Thursday, January 24, 2019 - 14:00
 
 

زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی و دامەزراوەی هیوا، ئەمڕۆ،  هەواڵی دروستکردنی سندوقێکی سەر بەدامەزراوەی هیوایان راگەیاند. ئامانج لەدروستکردنی ئەم سندوقە بریتییە لەکۆمەککردنی خوێندنی ئەو فێرخوازانەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی کە لەڕوی ئەکادیمییەوە لیوەشاوەن و پێویستیان بەکۆمەکی داراییە . سکولارشیپە نوێیەکە کە فێرخوازانی پرۆگرامی بەکالۆریۆس و پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی دەگرێتەوە، کرێی خوێندن دەستەبەر دەکات.

لیژنەیەکی هاوبەش لەدامەزراوەی هیواو زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەری بابەتی و بێلایەن کە لیژنەکە خۆی دیارییان دەکات، یەکەم دەستەی فێرخوازی هەڵبژارد کە هەشت کەس بون. 

 بەڕێزان هیوا رەئوف و نیان عەبدوڵڵا، کە لەدامەزرێنەرانی دامەزراوەی هیوان، نیوەڕۆخوانێکیان بۆ فێرخوازە هەڵبژێردراوەکانی خولی یەکەمی سکولارشیپەکە سازکرد، تیایدا هەردو ناوبراو ئەزمونی ئەکادیمی و پیشەیی خۆیانیان بۆ فێرخوازەکان باس کرد، فێرخوازەکانیش بەشبەحاڵی خۆیان گوزارشتیان لەهیواو ئاواتی ئایندەی خۆیان کرد.

دەربارەی دامەزراوەی هیوا

دامەزراوەی هیوا رێکخراوێکی ناحکومییە، بارەگاکەی لەسلێمانییە لەهەرێمی کوردستانی عێراق. هیوا رەئوف و خاتو نیان عەبدوڵڵای هاوسەری کە لەبیزنسکارانی سەرکەوتوی سلێمانین، ساڵی ٢٠١٣ ئەم رێکخراوەیان دامەزراندوە. دامەزراوەی هیوا، بڕوای بەبنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لەڕێی کۆمەککردنی خەڵک و خەون و خولیاکانیانەوە، تا ببنە بەشێک لەکۆمەڵگەیەکی نوێی پۆزەتیف و تەندروست. لەساڵی ٢٠١٣ ەوە، دامەزراوەی هیوا کۆمەکی چەندین پڕۆژەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرو کتێبی وەرگێڕدراو و فیلمی دۆکیۆمێنتەریی کردوە، هەروەها کەرەستەی خوێندنی دابینکردوە لەسەرلەبەری ناوچەکەدا. ئەم دامەزراوەیە، بەردەوام لەهەوڵی دروستکردنی پەیوەندی و شەراکەتی نوێدایە بەو بڕوایەوە کە ئەمە کاریگەرترین رێگەیە بۆ دەستڕاگەییشتن بەگەورەترین کەرەتەکانی کۆمەڵگەو فرەچەشنترینیان. 

دەربارەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی

زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی یەکەم زانکۆی ناحکومیی قازانجنەویستە لەعێراقدا کە لەسەر شێوازی ئەمریکی بەڕێوەدەچێت. ساڵی ٢٠١٧ ئاهەنگی یادی دەیەمین ساڵەی دامەزراندنی خۆیی گێڕا. هەروەها یەکەم زانکۆی ناحکومییە لەهەرێمی کوردستاندا کە متمانەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە. حاڵی حازر ژمارەیەکی زۆر فێرخوازی گرتۆتەخۆ، لەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ٣٥٪ ی فێرخوازەکانی لەڕەگەزی مێنەن.